سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی ئەو بەرەوپێشچوونانەی کرد کە لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران لە شاری دۆحەی پایتەختی قەتەر بەدەست هاتوون و رایگەیاند، هەردوولا کۆبوونەوەی "زۆر باشیان" ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "بەپێی ئەوەی دەیبینم، پرۆسەی بێچەککردنی ئەتۆمیی ئێران بە باشی بەڕێوە دەچێت، کۆبوونەوەی زۆر باشیان ئەنجامداوە و دەبینین لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات".
هاوکات ترەمپ ئاماژەی بە پێکدادانە سەربازییەکانی رابردووش کرد و وتی،
"ئێمە بە توندی لێمان دان، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی زۆر باش لە یەکتر دەگەین".
ئەوەش لە کاتێکدایە، شاری دۆحە ئەمڕۆ چوارشەممە میوانداریی زنجیرەیەک
گفتوگۆی تەکنیکیی ناڕاستەوخۆ لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران دەکات کە لە رێگەی
نێوەندگیرەکانەوە بەڕێوە دەچن. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە ئامانجیان هێورکردنەوەی ئەو
گرژییانەیە کە لە چەند رۆژی رابردوودا دروست بوون، ئەوەش دوای ئەوەی هەردوولا زنجیرەیەک
هێرشیان ئاراستەی یەکتر کرد سەرەڕای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە ناوەڕاستی
مانگی رابردوودا.
ئەم گفتوگۆیانەی قەتەر وەک زەمینەسازییەک دەبینرێن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی
کۆتایی و هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بڕیارە
لە ماوەی ئەو ٦٠ رۆژەدا وردەکارییەکانی یەکلا بکرێنەوە. پەیامە ئەرێنییەکەی ترەمپ
لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی جیهان و ناوەندە سیاسییەکان بە وردی چاودێری ئەنجامی دیدارەکانی
دۆحە دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگیربوونی ئاگربەستەکە.