سەردێڕ:

سیستانی فەتوایەکی بۆ پشتیوانیکردنی بەدواداچوونەکانی سروە عەبدولواحید لەسەر پیسبوونی ژینگە دەرکرد

PM:05:27:01/07/2026

1088 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ ئەو کەمپینەی سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق دژی سەرپێچیکارانی ژینگە و پیسکردنی رووباری دیجلە دەستیپێکردووە، مەرجەعی باڵای شیعەکان سەید عەلی سیستانی هاتەدەنگ و فەتوایەکی بۆ پشتیوانیکردنی بەدواداچوونەکانی ناوبراو و قەدەغەکردنی پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان دەرکرد.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، مەرجەعی باڵای شیعەکان (سەید عەلی سیستانی) لە فەتواکەیدا کە لە بەرژەوەندی رێکارەکانی سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە دەرچووە رایگەیاندووە، "ڕشتنی ئاوی زێرابی چارەسەرنەکراو، پاشماوە رەقەکان، و پاشماوە پزیشکی و کیمیاییەکان بۆ ناو ڕووبارەکان بەهۆی ئەو زیانە گشتییەی بە هاوڵاتیانی دەگەیەنێت، لەڕووی شەرعییەوە ڕێگەپێنەدراوە و ئەنجامدەری ئەم کارە گوناهبارە ".

لە بەشێکی دیکەی فەتواکەدا جەخت کراوەتەوە کە سەرپێچیکاران بەرپرسیار دەبن لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و پێویستە یاسا و رێنماییە ژینگەیییەکان جێبەجێ بکەن.

ئەم پشتگیرییە شەرعییە دوای ئەوە دێت کە سروە عەبدولواحید رووبەڕووی سەرپێچیکارانی ژینگە بووەوە و فەرمانی توندی دەرکرد بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر راکێشانی بۆرییەکانی ئاوی زێراب لە ناوچەی ئەبو نوئاس بۆ ناو رووباری دیجلە، و رایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک ناکەن کە سەرپێچی ژینگەیی ئەنجام بدات.

لەسەر بنەمای ئەم هەوڵانەی وەزیری ژینگە، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش چوونە پاڵ کەمپینەکە و دوو بڕیاری گرنگیان لە بەرژەوەندی رێکارەکانی سروە عەبدولواحید دەرکرد؛ ئەنجومەنی دادوەری بە نووسراوێکی فەرمی فەرمانگەکانی داواکاری گشتی و سەرجەم دادگاکانی راسپارد بە لێپێچینەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی توند بەرامبەر هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێکی فەرمانگەکانی عێراق کە هۆکار بن بۆ سەرپێچی ژینگەیی.

هاوكات هەر لەسەر داوای سروە عەبدولواحید، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی رێنمایی داوە بە گشت وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان کە هاوکاری تەواوی وەزارەتی ژینگە بکەن لەپێناو دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ هاوڵاتیان، بە پێچەوانەوە سەرپێچیکاران بەپێی یاسا لێپرسینەوەی توندیان لەگەڵدا دەکرێت.













گەلەری