سەردێڕ:

چاوگێک: ١٢ کەس سکاڵایان لە دژی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد تۆمارکردووە

PM:12:38:23/06/2026

1296 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی سلێمانی، جگە لە دۆسیەی تۆمارە دەنگییەکان، لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە لەلایەن د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان دەکات، تا ئێستا ١٢ سکاڵا لە دژی تۆمارکراوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، چاوگێکی ئاگادار لە لیکنەی لێکۆڵینەوەکەی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد بە ئێن ئاڕ تی وت، لێکۆڵینەوەکان تەنها لەسەر ئەو تۆمارە دەنگیانە نین کە پێشتر بڵاوکراونەتەوە، بەشێکی تری سکاڵاکان لەسەر دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بووە لەلایەن د. عەبدولـلەتیف بۆ چەند خوێندکارێکی کۆلێژەکە. بۆ یەکلاییکردنەوەی دروستی تۆمارە دەنگییەکانیش، زانکۆی سلێمانی بەرنامە و سیستمی ئاستبەرزی تەکنەلۆژی کڕیوە بۆ ئەوەی راستی و ساختەیی دەنگەکان لە رووی تەکنیکییەوە یەکلایبکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ١٢ کەس سکاڵای فەرمییان دژی د. عەبدولـلەتیف تۆمارکردووە، کە لە ناویاندا کچە خوێندکاری کۆلێژەکە هەن و لەگەڵ کەسوکارەکانیان چوونەتە بەردەم لیژنەکە و وتەکانیان بەشێوەی نووسراو لێوەرگیراوە.

لە رووی یاساییەوە، شارەزایەکی یاسایی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی بوونی لایەنی تاوانکاری لەم کەیسەدا، ئەگەر تۆمەتەکان بە فەرمی ساغ ببنەوە، دادگا دەتوانێت بەپێی یاسا سزای پێنج بۆ ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنێت.

لە بەرامبەردا، د. عەبدولـلەتیف قسەی کردووە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون بە توندی رەتیکردوونەتەوە، لیژنەکەش ئاماژە بەوەدەکەن، چاوەڕێی سکاڵای زیاتر دەکەن و دوای لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.













گەلەری