سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتوەکان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی واژۆکرد بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان

PM:08:23:26/07/2021

5660 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوەیەکگرتووەکان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی واژۆکرد بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان و چاودێریکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، تاوەکو رێگری تەواوبکرێت لە کاری ساختەکاری.


نەتەوەیەکگرتووەکان دەستخۆشی لە هاوکارییە داراییەکەی ئەڵمانیا دەکات، کە بە گوژمەی یەک ملیۆن یۆرۆ بۆ پڕۆژەی چاودێریکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا تەرخانیکرد.

هاوکارییە داراییەکەی ئەڵمانیا دەبێتە مایەی بەتواناکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دامەزراندنی چاودێرانی هەڵبژاردن لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان.

لەو بارەوە، پیتەر فیلتن لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیاوە رایگەیاند، چاودێریکردنی نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەر داوای حکومەت و گەلی عێراقە و ئەوان دڵسۆزانە پشتگیری لە هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و حکومەتی عێراق دەکەن بە هاوکاریکردنیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و بێکێشە.

چاودێریکردنی نێودەوڵەتی دەبێتە مایەی بەهێزکردنی متمانەداربوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەروەها هاندانی بەشداریی زیاتری خەڵکیش لەم پڕۆسەیەدا.

رێکخراوی یونۆپس لە جیاتی نەتەوەیەکگرتووەکان رێککەوتنەکەی واژۆکرد بۆ بەڕێوەبردن و داراییدان و هەڵسوڕاندنی پڕۆژەکە، نەتەوەیەکگرتووەکان لای خۆیەوەم سوپاسی ئەڵمانیا دەکات بۆ ئەم هاریکارییە داراییە کە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی پشتگیریکردنی پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و روون لە عێراقدا.

بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەبچێت و پەرلەمانی عێراقیش ئاشکرایکردووە، کە سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، لە چەند رۆژی رابردووشدا برێت مەكگۆرک رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا هاتە عێراق و لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیراندا جەختی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا کردەوە.













گەلەری