ماوەی دوو رۆژ ئومێد خۆشناو لە پارێزگاری هەولێر لابراو و پارتی رێگری لێکرد بچێتە پارێزگا بۆ دەوام، دواتر لەلایەن بارزانییەوە بەشێوەیەکى کاتى گەڕێنرایەوە، بەڵام چۆن لابرا و چۆن بەکاتى گەڕێنرایەوە؟
بەپێی زانیارییەکان هۆکار وشێوازی دەرکردنی پارێزگاری هەولێر بەمجۆرە بووە، پێرێ شەو، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ دەوترێت خۆی لە دەرەوەی هەرێم بووە، تەلەفۆنی کردووە بۆ ئومێد خۆشناو وپێی وتووە سبەینێ نەچیتەوە دەوام و تۆ لە پارێزگار نەماوی.
ئومێد خۆشناویش هۆکارەکەی پرسیوە بەڵام وەزیری ناوخۆ پێی وتووە کە زروفێک
هەیە و دوایی خۆت هۆکارەکەیت بۆ رووندەبێتەوە، بەپێی قسەی چاوگێک بۆ ئێن ئارتی
تەنانەت پارتی تا ئاستی هەڕەشەش بە ئومێد خۆشناوی وتوە کە گەر بچێتەوە بۆ دەوام بە
هێزی ئەمنی رێگری لێ دەکەن.
کەسێکی ئاگادار بە ئێن ئارتی وت، ئومێد خۆشناو وتویەتی لابردنەکەم بەلاوە
ئاساییە بەڵام رێوشوێنەکە با بەمەجۆرە نەبێت یان خۆم دەست لە پۆستەکە هەڵگرم یان
ڕێگەم پێبدەن بەشێوازێکی تر لەو پۆستە نەمێنم، بەڵام تەنانەت رێگای پێنەدراوە داوای
دەستلەکارکێشانەوە یان داوای بەخشینی لە پۆستەکەی بکات.
هەر ئەو شەوەی تەلەفۆن بۆ ئومێد خۆشناو دەکرێت، فەرمان بە هێمن قادری جێگری
دەکرێت کە نوسراوێک بۆ خۆی دەربکات و ئەویش خۆی راسپاردووە بۆئیشوکارەکانی
پارێزگای هەولێر و بەپێی ئەم نوسراوە رۆژی ٧ـی مانگ واتە هەر بە بەرواری پێرێ،
نوسراوەکە دەرکراوە و هێمن قادر خۆی کردووە بەپارێزگار و لە نوسراوەکەیا بەیەک
وشەش ناوی ئومێد خۆشناوی نەهێناوە.
بەپێی زانیارییەکان هۆکارەکەی پەیوەندی بە ململانێی باڵی نیچیرڤان بارزانی
و مەسرور بارزانی ئامۆزایەوە هەیە، چیرۆکەکە بەمجۆرەیە ئەو رۆژەی بە درۆن
هێرشکرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک ئومێد خۆشناو هەولێری پڕکردووە لە
فلێکس و لافیتەی پشتیوانی بۆ نیچێرڤان بارزانی و نوسیویەتی هەموو هەولێر ماڵی تۆیە
سەرۆک، دەوترێت ئومێد خۆشناو ئەمەی بێ گەڕانەوە بۆ پارتی کردووە ، مەسرور بارزانی
لەمە نیگەران بووە، چونکە کاتێک چەند جارێک هێرشی درۆنی کراوەتە سەر ماڵی مەسعوود
بارزانی لە پیرمام ئومێد خۆشناو هەمان پشتگیری و هاوسۆزی نیشان نەداوە، جگەلەوەی
دەوترێت ئارینی کوڕی مەسروربارزانی ئەم ماوەیە نیگەران بوو لێی کە زۆرجار ئومێد
خۆشناو فەرمانی لەو وەردەگرت، هەربۆیە فلێکس ولافیتەکانی پشتگیری نێچیرڤان بارزانی
بە پارێزگاری هەولێریشەوەلابران.
زانیارییەکانی ئێن ئارتی دەلێت، دوێنێ ئومێد خۆشناو هەوڵی زۆری داوە مەسعود
بارزانی ببینێت بەڵام سەرەتا نەیانهێشتووە، بەڵام بە تەلەفۆن داوایەکی گەیاندووە
بە بارەگای بارزانی و دواى هەولێکى زۆر رێگەى پێدراوە بیبینێت و رازى بووە بە کاتى
بگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەى تا دواترخۆی دەستلەکاربکێشێتەوە.
ئێستا بەپێی نوسراوە فەرمییەکان هەولێر ئێستا خاوەنى دوو پارێزگارە، هێمن
قادر بە نوسراوى فەرمى خۆى وەک پارێزگار ناساندووە، ئومێد خۆشناویش خۆى بە
پارێزگار دادەنێت و ئەمڕۆ وەک پارێزگار پێشوازى لە کونسوڵى تورکیا کردووە.