سەردێڕ:

لە سنووری کەلار بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە قوتابخانەیەکی گوندەکە داخرا

PM:08:01:16/01/2026

1772 جار خوێندراوەتەوە

هەموومان ئەزانین کە قوتابخانە، جێیەکە کە ئەبێت بەردەوام جێگەی زانست و خوێندن و پێکەنینی منداڵان بێت، بەڵام لە کەلار ئێستا بێدەنگی باڵی بەسەر قوتابخانەیەکی گوندی خاڵەبەگ کێشاوە.


گوندی خاڵەبەگ ئەکەوێتە سنووری کەلار، مانگی رابردوو لەم گوندە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و بەدیاریکراوی لەسەر کێشەی زەویوزار بەهۆی ناکۆکی و شەڕی نێوان دوو خێزان ١٠ کەس بوونە قوربانی، دوای ئەو رووداوە ناخۆشە، ئێستا کێشەیەکی تر لە گوندەکە هاتووەتە ئاراوە، ئەویش کوژانەوەی چرای تاکە قوتابخانەی گوندەکەیە.

لە قوتابخانەی گوندەکەدا تەنها ٧ منداڵ دەیانخوێند کە وەک هەموو منداڵێکی تر مافی ئەوەیان هەبوو بخوێنن و فێربن و قوتابخانەکە ببێتە جێگەی پەروەردەی زانستی بۆیان، بەڵام داهاتووی ئەم منداڵانە بوو بە قوربانیی رقە گەورەکان و کێشەی کۆمەڵایەتی.

سێ لە قوتابییەکان کەسوکاری ئەو دوو خێزانە بوون کە خوێن لە نێوانیاندا ڕژا، ئەوان دوای کارەساتەکە چیتر نەیانتوانی یاخود روونتر بڵێین نەیانوێرا پێ بخەنەوە نێو حەوشەی قوتابخانەکە. بەمەش تەنها چوار قوتابی مابوونەوە، ئەوانیش کە بینییان هاوڕێکانیان نەماون داوای گواستنەوەیان کرد بۆ قوتابخانەکانی دەرەوەی گوندەکە و قوتابخانەکە چۆڵ بوو، هەر لەبەرئەوەش داخرا.

ئەم کێشەیە جیا لە منداڵەکان حەوت مامۆستای ئەو قوتابخانەیەشی ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار کردووەتەوە و ئێستا چاوەڕوانن و نازانن وەزارەتی پەروەردە بەرەو کام قوتابخانەی دیکە بەڕێیان دەکات.

لە خاڵەبەگ، کێشە کۆمەڵایەتییەکان هاوشێوەی چەندین ناوچەی تر، تارماییان خستە سەر پەروەردە و داهاتووی نەوەکان و دەرگای ئەو شوێنە داخرا کە بڕیار بوو جێی پێگەیاندنی نەوەیەکی تری گوندەکە بێت.

 













گەلەری