سەردێڕ:

بایدن و پوتین کۆدەبنەوە

PM:08:36:05/12/2021

5088 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی روسیا رۆژی سێشەممە گفتوگۆ لەسەر زیابوونی گرژییەکان لەسەر سنووری روسیا و ئۆکرانیا بکەن.


لەوبارەیەوە، کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "جۆ بایدن نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی روسیا لە سنووری ئۆکرانیا دووپات دەکاتەوە و پشتگیری ئەمریکا بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دووپات دەکاتەوە."

لای خۆشییەوە، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کریملین ئەوەی خستەڕوو، جگە لە چالاکییە سەربازییەکەی روسیا، بایدن و پوتین گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان دەکەن.

رۆژی هەینی رابردوو، جۆ بایدن رایگەیاند، کۆمەڵێک دەستپێشخەری داڕشتووە وادەکات کە "زۆر زەحمەت بێت" بۆ ڕوسیا بارودۆخەکە لە سنورەکەی خۆی لەگەڵ ئۆکرانیا پەرەپێبدات کە مۆسکۆ چەند هەفتەیەکە سوپا و کەلوپەلی تێدا زیاترکردووە.

بارودۆخی سنووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ترسی ئەوەی دروستکردووە کە مۆسکۆ پلانی داگیرکردنی دراوسێکەی هەبێت، "دەستدرێژییەکانی" روسیا لەم هەفتەیەدا تەوەری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ بوو و سکرتێری گشتی ناتۆ هۆشداری داوەتە روسیا کە هەر ئاڵۆزبوونێکی دۆخەکە دەرئەنجامێکی خراپی لێدەکەوێتەوە.

لە بەرامبەردا، مۆسکۆ دەڵێت، "لەوانەیە ئەمەریکا و ئۆکرانیا هێرش بکەنە سەرمان."













گەلەری