سەردێڕ:

خۆپیشاندانی خوێندکاران دەستی پێکردەوە

AM:11:23:04/12/2021

18320 جار خوێندراوەتەوە

خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین بەمەبەستی داواکردنی مافەکانیان و پێدانی دەرماڵەکانیان لەبەردەم زانکۆکەیاندا دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە.


ئەمڕۆ شەممە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین بەمەبەستی داواکردنی مافەکانیان و پێدانی دەرماڵەکانیان لەبەردەم زانکۆکەیاندا دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە.
لەماوەی رابردوودا، بە ئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکانیان و دووبارە پێدانەوەی دەرماڵەکانیان، خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو.
بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خوێندکاران و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو و ژمارەیەک خوێندکار و چالاکوان و رۆژنامەنوس دەستگیرکران.
لە کاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاوکرانەوە کە ھێزە ئەمنییەکان لە خوێندکارانی زانکۆدەدەن و ئەشکەنجەیان دەدەن، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری ھاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا ھێنا.
ھەر بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران، ھێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی چوونە ناو حەرەمی زانکۆوە و گازی فرمێسک رێژییان بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران بەکار ھێنا.
لە پارێزگای دھۆکیش، ھێزە ئەمنییەکان رێگەیاننەدا خوێندکاران خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.
هەروەها، بەشێک لە زانکۆکانی هەرێم بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانی خوێندکاران دەوامیان راگرت و چەند رۆژێکییان کردە پشوو.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.












گەلەری