وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر وێنەی ئۆتۆمبێلێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەدەستی منداڵێکەوە بووە و دەستیان بەسەردا گرتووە، بە دایک و باوکانیش دەڵێت، ئۆتۆمبێل شیرینی نییە بیدەنە دەست منداڵ.
فازڵ حاجی وتەبێژی
هاتوچۆی هەولێر رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆی ناوشار، ئەو
ئۆتۆمبێلە دەستی بەسەرداگیراوە کە بەدەست منداڵێکەوە بووە و بەخێرایی و سەرەڕۆیی لێیخوڕیوە."
فازڵ حاجی
نووسیویەتی، "تکایە دایکان و باوکانی خواپێدراو، ئۆتۆمبێل نوقڵانە و شیرینی نییە
بیدەنە دەست منداڵەکانتان"، فازڵ حاجی باسی لەوەكردووە، بە دڵنیاییەوە
منداڵەکان توشی رووداو دەبن.
وتەبێژی هاتوچۆی
هەولێر دەشڵێت، با نەکەونە دەست ماچکردن و پاڕانەوە و وتنەوەی ئەوەی کە گوایا منداڵەکەتان
سویچەکەی بردووە و ئاگاتان لێنەبووە، ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەوە ناخوات و بەکەڵکتان
نایەت."
ئەو وتەبێژە
رایگەیاندووە، "تکایە بەر لە ماچکردنی دەستی خەڵک، دەستی خۆتان ماچ بکەن."
ئەوەش لە
کاتێکدایە، زۆرکات منداڵەکان بەبێ ئاگاداری دایک و باوکیان ئۆتۆمبێلەکانیان دەبەنە
دەرەوە، یانیش هەندێک جار دایکان و باوکان خۆیان دەیدەنە دەستیان و کەم جار هەیە
روبەڕوی رووداو نەبنەوە.
لە هەرێمی
کوردستان و عێراقدا مۆڵەتی شۆفێری گەنج دەتوانێت لە تەمەنی ١٨ ساڵەوە وەریبگرێت و
لە خوار ئەو تەمەنەش رێگاپێدراو نییە بۆ شۆفێریکردن.