سەردێڕ:

دەستەی داکۆیکردن لە سروشتی سلێمانی: گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی سەرپێچییەکی گەورەیە

PM:08:03:30/09/2025

7912 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی دەربارەی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە سەرپێچییەکی گەورە دەزانن و داوا دەکەن و مکوڕن لەسەر مانەوەی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک خۆی.


ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ ئەیولولی ٢٠٢٥، دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی رایگەیاند، بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق سودانی رەزامەندی داوە لەسەر گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیی بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانیی نێوەدەوڵەتی.

وتیشی، رەوا نییە رێکخراوێکی حیزبی و سەر بە ماڵباتی تاڵەبانی بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، یان تەنانەت بێ گەڕانەوە بۆ پارێزگا و شارەوانیی سلێمانی و پرس و را بە دەستەبژێرەکانی شارەکە، راستەوخۆ بڕیاری گۆڕینی ناوی ئەو دامەزراوەیەی سلێمانی بدرێت کە تاکە دامەزراوەیە ناوی شارەکە بە دنیای دەرەوە دەگەیەنێت.

باسی لەوەشکرد، هەنگاوی ناو گۆڕینی فڕۆکەخانەی سلێمانی جگە لەوەی دژی مێژووی سلێمانییە وەکو شارێکی درەوشاوەی کوردستان، درۆی ئەو پێداهەڵدانەش بە روونی دەردەخات کە ناوبەناو و بەتایبەتیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، راگەیاندن و سەرکردەکانی یەکێتی، سلێمانی وەکو "شاری شاران" وەسف دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەوە بیری گشت لایەک بهێنینەوە شاری سلێمانی کە تەمەنی ٢٤١ ساڵە چەندان سەرکردەی سیاسی و رۆشنبیر و کەسایەتی گەورەی تیادا ژیاوە، بۆیە مێژووی شارەکە درێژتر و گەورەترە لە مێژووی کەسایەتییە دیارەکانی.

هەروەها، ئەم هەنگاوە گەر سەر بگرێت، رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چەندین دامەزراوە و شوێنی خزمەتگوزاری، بێ گەڕانەوە بۆ داوم و دەزگاکانی هەرێم و پرس و را بە خەڵکەکەی، بکرێن بەناوی ئەم یان ئەو سەرکردەوە.

دەشڵێت، وەکو دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە سەرپێچییەکی گەورە دەزانن و داوا دەکەن و مکوڕن لەسەر مانەوەی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک خۆی.














گەلەری