سەردێڕ:

رێکخراوی رۆژنامەنوسانی بێسنور سەرکۆنەی دەستگیرکردنی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دەکات

PM:11:03:24/11/2021

9688 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی رۆژنامەنوسانی بێسنور راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا سەرکۆنەی دەستگیرکردنی ژیان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دەکات لە بیلاروسیا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکخراوی رۆژنامەنوسانی بێسنور راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و سەرکۆنەى دەستگیرکردنی ژیان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کرد لە بیلاروسیا، کە بە مەبەستی گواستنەوەی دوایین زانیارییەکان لەسەر دۆخی کۆچبەران سەردانى ئەو وڵاتەکەى کردبوو.

لە راگەیەندراوەکەدا کە لە تویتەری فەرمی خۆیان بڵاویان کردەوە، رێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی بێسنور ئاماژەى بەوە کرد "سەرکۆنەی هەر بەربەستێک دەکەین بخرێتە بەردەم کاری رۆژنامەوانی رۆژنامەنوسان لە بیلاروسیا".

راگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممەى رابردوو، ژیان عەلی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مینسکی بیلاڕوسیا رێگری لێکراو و پاش دەستگیرکردنی بۆ ماوەی ٢٠ کاتژمێر گەڕێندرایەوە بۆ فرۆکەخانەی تورکیا و کەرەستە رۆژنامەوانییەکانی لێسەندرا بوو.

لە هەمانکاتیشدا وەزارەتی دەرەوەی بیلاروسیا لە وەڵامی تویتی رێکخراوی رۆژنامەنوسانی بێسنور ئاماژەی بەوەکردووە کە ژیان عەلی دەستگیر نەکراوە و کەرەستەکانیشی لێ نەسەندراوەتەوە.

بەڵام ژیان عەلى جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو وەک پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى گەشتى بۆ ئەو وڵاتە کردووە و لەوێ رێگرى لێکراوە و دەستبەسەر کەرەستەکانیدا گیراوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ وڵاتى تورکیا.













گەلەری