سەردێڕ:

ئەمریکا: پاڵپشتی داواکانی گەلی عێراق دەکەین بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن

PM:07:23:24/07/2021

2744 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمریکا لەبارەی چەند پرسێکەوە گفتوگۆیان کردووە، وەک بەخشینی ٥٠٠ هەزار ژەمە ڤاکسینی فایزەر لە رێگای دەستپێشخەری کۆڤاکسەوە بۆ عێراق.


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەشکردووە، هەردوو شاندی عێراق و ئەمریکا لەسەر پرسی ئازادی رادەبرین هاوڕابوون لەسەر ئەوەى خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان پارێزراوبن و بەدواداچوونیش بکەن بۆ ئەو تۆمەتانەی دەدرێتە پاڵیان لەکاتی لێپێچینەوەی یاساییدا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پاڵپشتی داوای رەوای گەلی عێراق دەکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی تەندروست لە مانگی ١٠ ئەمساڵدا، هاوکات بۆ ئەو مەبەستەش ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلاریان بۆ چاودێری هونەری هەڵبژاردن تەرخانکردووە و زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلاریشیان بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی هەڵبژاردن تەرخانکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، بڕی ١٥٥ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی دەداتە عێراق و بەمەش لە تێکڕای کۆمەک و هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە و تیایدا گفتوگۆیان لەسەر چەند دۆسییەک کرد و لە نێویشیاندا تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا.

لەلایەن خۆشییەوە، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممەی داهاتوو پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.

بڕیارە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە مستەفا کازمی سەردانی ئەمریکا بکات بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕی چوارەمی گفتوگۆ ستراتیجییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق گفتوگۆبکەن.













گەلەری