سەردێڕ:

چاودێری کۆمەڵایەتی عێراق: مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی تا کۆتایی ئەمساڵ دەستەبەرکراوە

PM:10:06:04/07/2025

1880 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی عێراق دەڵێت، مووچەى چاودێرى کۆمەڵایەتى تا کۆتایی ئەمساڵ دەستەبەرکراوە و زیاتر لە سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار منداڵ چاودێرى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە و دەشڵێت، ١٥٠ هەزار خوێندکار بەهۆی ئەو یارمەتیی هاندانەوە گەڕاونەتەوە قوتابخانە.


ئەمڕۆ هەینی ٤ـی تەمموزی ٢٠٢٥، ئەحمەد خەلەف موسەوی، سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی عێراق وتی، مووچەى چاودێرى کۆمەڵایەتى تا کۆتایی ئەمساڵ دەستەبەرکراوە و زیاتر لە سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار منداڵ چاودێرى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو ژنانەی کە چاودێری کۆمەڵایەتی دەیگرێتەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس و مووچە و یارمەتییەکانی دەسەڵات تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوی دەستەبەرکراوە، ئەو پارانەی لە چوارچێوەی بودجەی سێ ساڵەدا تەرخانکراون، دەگاتە ٦.٢ ترلیۆن دینار، بەپێی پلان پارەکە خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە یارمەتییە پەروەردەییەکەش وتی، یارمەتی دووەم کە بڕی ٨٢ ملیار دینار بوو، خەرجکراوە بۆ ٢.٢ ملیۆن خوێندکاری نێر و مێ کە چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی ٣٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە، قوتابیانی قوتابخانەی ناوەندی و ئامادەییش هەریەکەیان ٥٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە.

باسی لەوەشکرد، ئەو یارمەتییە بەشداربووە لە گەڕانەوەی زیاتر لە ١٥٠ هەزار قوتابی بۆ قوتابخانە لەئەمساڵدا، لە ناویاندا ١٤ هەزار قوتابی کە لە سەرەتای ساڵی خوێندندا ئامادە نەبوون و بەهۆی ئەو پشتگیرییەی پێشکەشیان کراوە گەڕاونەتەوە بۆ قوتابخانە و جەختیشی کردەوە، هەر منداڵێک واز لە خوێندن بێنێت بە پێی یاسا دەرماڵەکەی دەبڕدرێت.













گەلەری