PM:08:21:16/06/2025
1344 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە، دەشلێت، لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بڵاویکردەوە، تووشبووەکە پیاوێکی دانیشتووی گەڕەکی چوارچرای سلێمانییە تەمەنی ٤١ ساڵە و لەڕێگای سەربڕینی چەندین ئاژەڵ، کە بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە تووشی نەخۆشییەکە بووە.
ئاماژەی بەوەکردووە،دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەماوەی دوو مانگی رابردوو، دەرەنجام تەنها شەش حاڵەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە کە بەداخەوە حاڵەتێکیان لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و حالەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.