سەردێڕ:

عێراقچی: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزە و هێشتا نەگەیشتووینەتە رێککەوتن

PM:11:42:23/05/2025

4172 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزە و هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی رێککەوتن و پێشنیازەكان ئاڵوگۆڕ دەكەن بەڵام ئەگەری پێشکەوتن لە خولی داهاتوودا هەیە.


ئەمڕۆ هەینی ٢٣ـی ئایاری ٢٠٢٥، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاكانی ئێرانی وت، خولی پێنجەمی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا لە رادەبەدەر ئاڵۆزن و بە دوو سێ کۆبوونەوە ناتوانرێت بە ئەنجامی کۆتایی بگات.

باسی لەوەشکرد، ئێستا پێدەچێت تێگەیشتنێکی روونتر و وردتر لە لایەنی ئەمریکیدا هەبێت، دانوستانە ناڕاستەوخۆکان هێشتا بەردەوامن و ئەگەری پێشکەوتن لە خولی داهاتوودا هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو،پێشنیازەكان جێگەی گفتوگۆ بوون، رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا کە هەردوولا توێژینەوەی تایبەتمەندی زیاتر ئەنجام بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پێشنیازانە دەنێردرێت بۆ پایتەختەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا بۆچونەکانیان لەسەر پێشنیار و چارەسەرە پێشنیارکراوەکان دەخەنەڕوو، دوای ئەوە خولی داهاتووی دانوستانەکان پلانیان بۆ دادەنرێت و جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ خولی پێنجەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی ئێران و ئەمریكا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا كۆتایهات و بەگوێرەی وتەی وەزیری دەرەوەی عومانیش كە نێوەندگیری دانوستانەكەیە، هەندێك پێشكەوتن هەبووە.


هـ.ئـ












گەلەری