سەردێڕ:

سەدان بارمتە لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕ کران

PM:10:04:23/05/2025

3548 جار خوێندراوەتەوە

روسیا و ئۆکرانیا نزیکەی ٤٠٠ سەرباز و هاوڵاتیی مەدەنییان ئاڵوگۆڕ کرد کە لە جەنگی نێوان هەردوو وڵاتدا وەک بارمتە گیرابوون.


ئەمڕۆ هەینی ٢٣ـی ئایاری ٢٠٢٥، وەزارەتی بەرگریی روسیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی بارمتە لە رێککەوتنی نێو گفتوگۆکانی ئاشتیی ئیستەنبوڵ، ٢٧٠ سەرباز و ١٢٠ هاووڵاتی مەدەنی بارمتە ئاڵوگۆڕیان پێکرا.

باسی لەوەشکرد، بەو رێککەوتنەی لە دانوستانەکانی هەفتەی رابردوودا بە میوانداری تورکیا لە ئیستەنبوڵ کرا، ئاڵوگۆڕی بارمتە ئەنجام درا.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی بارمتەدا لە خاکی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی کیێڤ ٢٧٠ سەربازی روسی و ١٢٠ هاوڵاتی مەدەنی کە لە ناوچەی کورسک لەلايەن سوپای ئۆکرانیاوە دیل کرابوون وەرگیرانەوە.

هەروەها، لە بەرامبەریشدا ٢٧٠ سەربازی ئۆکرانیا و ١٢٠ هاوڵاتی مەدەنی رادەست کرانەوە.

هاوکات، سەربازانی روسی و هاوڵاتییە مەدەنیيە ئازادکراوەکان لە بێلاڕووسن و پشتیوانی پێویستی پزیشکی و دەروونیان بۆ دابین دەکرێت و هەمووان دەگەیەندرێنە روسیا بە مەبەستی چارەسەرکردن لە ناوەندە تەندروستییەکاندا.

‌هـ.ئـ













گەلەری