سەردێڕ:

دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتۆن کوژران

AM:08:22:22/05/2025

7860 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە نزیک مۆزەخانەی جوەکان لە واشنتۆن کوژراون و دواتر لەلایەن پۆلیسی ئەمریکاوە تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٥، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە بۆنەیەکدا کە لە مۆزەخانەی جوەکان لە واشنتن دی سی بەڕێوە چوو، کەسێک تەقەی لە ژن و پیاوێک کردووە و دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنجامی تەقەکردنێکدا لە نزیک مۆزەخانەی جوەکان لە واشنتن کوژراون.
هاوکات، لای خۆیەوە دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، دوو لە کارمەندەکانی لەکاتی بەشداریکردنیان لە بۆنەیەکدا لە مۆزەخانەی جووەکان کوژراون. باسی لەوەشکرد، ئەوە کردەوەیەکی تیرۆرستییە لە دژی جوەکان.

دەشڵێت، متمانەیان بە توانای دەسەڵاتدارانی فیدراڵی هەیە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی جوەکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کوشتنی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە دەرەوەی شوێنەواری جوەکان لە واشنتۆن ئیدانە کرد و بە تاوانێکی ترسناک ناوی برد.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، ئەمە کارێکی ئاشکرای توندوتیژی ترسنۆکانە و دژە جوەکان بوو، شوێنپێی ئەو کەسانە دەگرن کە بەرپرسیارن و دەیانخەنە بەردەم دادگا.

پۆلیسی ئەمریکاش وتی، تەقەکەرەکەیان دەستگیرکردووە و تەمەنی ٣٠ ساڵە.



هـ.ئـ

 


 














گەلەری