وەزیری دارایی عێراق پێشوازی لە شاندێکی بانکی ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کرد تاوتوێی رێگاکانی بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئابوورییەکان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەتیان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ـی ئایاری ٢٠٢٥، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێشوازی لە شاندێکی بانکی ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کرد بۆ تاوتوێکردنی ئاسۆکانی هاوکاری هاوبەش و کۆمەڵێک بابەتی ئابووری و وەبەرهێنان.
هەروەها، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر فراوانکردنی رۆڵی
بانکەکە لە عێراق لە ماوەی قۆناغی داهاتوودا، بەتایبەتی لە بوارەکانی پاڵپشتیکردنی
کەرتی تایبەت، دابینکردنی دارایی بۆ کارگە بچووک و مامناوەندەکان و پێشکەشکردنی
هاوکاریی تەکنیکی بۆ دەزگاکانی حکومەت، هاوتەریب لەگەڵ ئەولەویەتەکانی بەرنامەی
حکومەت بۆ باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری.
هاوکات، باسیان لەو پێشکەوتنانە کرد کە لە دانوستانەکانی
رێککەوتنی وڵاتی میوانداردا بەدەست هاتوون، کە ئامانج لێی ئەوەیە بانکەکە بتوانێت
ئۆفیسێکی هەمیشەیی لە عێراق دابمەزرێنێت و ئاسانکاری بۆ رۆڵی بکات لە پێشکەشکردنی
پاڵپشتی تەکنیکی، راوێژکاری و فراوانکردنی تۆڕی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆییەکان.
پێداچوونەوە بە بوارە ئەگەرییەکانی هاوکاریش کرا، لەوانە
وزەی نوێبووەوە، گواستنەوە، و مۆدێرنکردنی کەرتی دارایی، کە بەشدار دەبن لە راکێشانی
وەبەرهێنان و هاندانی گەشەی ئابووری.
هـ.ئـ