وەزیری دارایی عێراق و تیمی ئابووری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا باسیان لە میکانیزمەکانی پاڵپشتیکردنی بودجەی گشتی و لایەنەکانی هاریکاری تەکنیکی نێوان وەزارەت و لایەنی ئەمریکی کرد لە بوارەکانی ئامادەکردنی بودجە و ژمێریاری حکومەت.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ـی ئایاری ٢٠٢٥، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێشوازی لە تیمی ئابووری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرد بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی هاوکاری هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی توانای ئابووری و دارایی لە عێراق.
هاوکات، تەیف سامی، جەختی لە گرنگی بەکارهێنانی شارەزایی
نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لە چاکسازییە بەردەوامەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد
کە وەزارەت کاردەکات بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمی کارگێڕی و دارایی، بەرزکردنەوەی شەفافیەت
و سەقامگیری دارایی، هاوتەریب لەگەڵ ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکومەت و چەسپاندنی سەقامگیری
ئابووری.
لای خۆیەوە تیمی ئەمریکی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی
پشتگیری تەکنیکی و راوێژکاری، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی ئامرازەکان بۆ ئامادەکردنی
بودجەی بەرنامە و میکانیزمی کارکردن، باشترکردنی سیستەمی ژمێریاری و پەرەپێدانی سیستەمی
زانیاری دارایی.
هەروەها، هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە هەماهەنگی
و رێکخستنی راهێنان بۆ فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمارەیەک پسپۆڕی تەکنیکی، بۆ پاڵپشتیکردنی
جێبەجێکردنی باشترین پراکتیکەکان لە بەڕێوەبردنی دارایی گشتی و گەیشتن بە گەشەپێدانی
بەردەوام.
هـ.ئـ