سەردێڕ:

ترەمپ: هەموو سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرم

PM:07:08:13/05/2025

4088 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودی و ئەمریکی لەریازی پایتەختی سعودییە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعودییە لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لەو چەند مانگەی رابردوو زۆرترین دەستکەوتیان هەبووە، زۆرترین خەڵک لە چەند مانگی رابردوو هاتونەتە ریزی سووپا و چوار هەزار هەلیکاریان رەخساندووە.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ـی ئایاری ٢٠٢٥، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودی و ئەمریکی لەریازی پایتەختی سعودییە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعودییە لە ئاستێکی زۆر باشدایە.

لە بارەی سوریاشەوە باسی لەوەکرد، دەیانەوێ حکومەتی سوریا ئاشتی لە وڵاتەکەدا بەرقەرار بکات، لەبەر ئەوەشە ئیدارەکەی هەنگاوی یەکەمی ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا و خۆشحاڵ دەبێت کە مارکۆ روبیۆ لەم هەفتەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا لە تورکیا کۆدەبێتەوە.

وتیشی، هەموو سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرێت.

هەروەها، دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و بەریتانیا وتی، لەگەڵ چین دەگەنە رێکەوتن و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرەو باشی دەڕۆن، لەگەڵ بەریتانیاش پەیوەندییەکانیان ئاسایی بوونەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست دەکات.

لە بارەی ئێرانیشەوە وتی، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئێستا پێویستە بەخێرایی جوڵە بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتی و رێکەوتن.

لەبارەی پاکستان و هیندستانیش دەڵیت، بە پاکستان و هندستانی وتووە با ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەن لە جیاتی شەڕکردن، بەو شێوەیە رێکەوتن.

دەشڵیت، چیتر حوسییەکان هێرش ناکەنە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان.

بەرپرسێکی کۆشکی سپیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە،دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیووە کە رۆژی چوارشەممە لە سعودییە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا کۆببێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە،ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا بە فڕۆکەیەکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی گەیشتە وڵاتی سعودییە و بڕیارە دواتریش سەردانی هەر یەکە لە وڵاتەکانی قەتەر و ئیمارات بکات.


 













گەلەری