سەردێڕ:

نێردەی ترەمپ: دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەرهەمدار نەبێت رێگایەکی دیکە دەگرینەبەر

PM:10:25:09/05/2025

1556 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری دا ئەگەر پێشنیازەکانی ئێران لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی بەهێز نەبوون، ئەوا لە دانوستانەکان دەکشێنەوە.


ئەمڕۆ هەینی ٩ـی ئایارـی ٢٠٢٥، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دەکات، لە بارەی گەڕی چوارەمی دانوستان رایگەیاند، ئەگەر پێشنیازەکانی ئێران لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی بەهێز نەبوون، ئەوا لە دانوستانەکان دەکشێنەوە و وتیشی، نابێت بەهیچ شێوەیەک بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەردەوام بێت.

وتیشی، ئەگەر دانوستانیان لەگەڵ تاران بەرهەمدار نەبوو، ئەوا درێژە بە دانوستانەکان نادەن و رێگایەکی دیکە دەگرنەبەر.

هەروەها، هۆشداری دا پێویستە ناوەندە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فەردوو و ئەسفەهان لە چالاکی ئەتۆمی دابماڵرێن و نابێت بەهیچ شێوەییەک بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەردەوام بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران رازی بووە، نەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوان ئەو هەڵوێستە بە جددی وەردەگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند، خولی چوارەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا یەکشەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوەدچیت.


 













گەلەری