سەردێڕ:

بارهەڵگرەکانی عێراق بەراورد بە پێشتر ٪٣٠ باجى گومرگیى کەمتر دەدەن

AM:10:07:26/03/2025

1152 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، ئامادەکاریى دەکەن بۆ گەڕانەوەى پێگەى ستراتیژى عێراق بۆ سەر نەخشەى ئابوورى جیهانى لە رێگەی چوونە ناو سیستمى گواستنەوەى نێودەوڵەتى.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی ئازارـی ٢٠٢٥، مەیسەم سافى، وتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى راگەیاندووە، سیستمى گواستنەوەى نێودەوڵەتى ریککەوتنێکە لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقادا هەیە، کاتێک عێراق دەچێتە سیستمەکەوە، دەتوانێت بارهەڵگرەکانى بە رێگەی وشکانى هەموو دەروازە سنوورییەکان تێپەڕێنن بێئەوەى لە هەموو دەروازەیەک گومرگ بکرێن.

هەروەها، یەکجاری پشکنین بۆ بارەکانیان دەکرێت و تا خاڵى کۆتایى ناوەستن.

ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمەکە بە جۆرێکە، گرەنتى ئەمنییەتى بارەکان دەکرێت و لە رێى سیستمێکەوە کە پەیوەستە بە مانگى دەستکردەوە، کۆنتێنەرەکانیش مۆرێکیان لێدەدرێت کە ناتوانرێت بکرێنەوە تا ئەو شوێنەى بۆیان دیاریدەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوە بۆ عێراق زۆر گرنگە، لەبەرئەوەى رێگە لە قاچاخچییەتى دەگرێت و رێکاری دەروازە سنوورییەکان و بەرتیل وەرگرتنیش کەمدەکاتەوە و کاتێکی زۆریش بۆ بارهەڵگرەکان دەگەڕێتەوە، بە رێژەى لەسەدا ٣٠ باجى کەمتر دەدەن و قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیشیان بە رێژەى لەسەدا ٤٠ بەرزکردووەتەوە.













گەلەری