سەردێڕ:

ئیدارەی ئەمریکا مافی مانەوەی هەمیشەیی لە وڵاتەکەی راگرت

PM:11:45:25/03/2025

3168 جار خوێندراوەتەوە

میدیاكانی ئەمریكا رایانگەیاند، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا مامەڵەکردنی لەگەڵ هەندێک داواکاری بۆ مافی مانەوەی هەمیشەیی یاسایی راگرت، وەک بەشێک لە سیاسەتی توندکردنەوەی رێکارەکانی کۆچبەریی و دەزگای رەگەزنامە و کۆچبەری رێنمایی کارمەندەکانی کردووە بۆ راگرتنی مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی نیشتەجێبون و مافی پەنابەری.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ـی ئازارـی ٢٠٢٥، میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە،ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا، مامەڵەکردنی لەگەڵ هەندێک داواکاری بۆ مافی مانەوەی هەمیشەیی یاسایی، کە بە کارتی سەوز ناسراوە راگرت.

باسی لەوەشکرد، دەزگای رەگەزنامە و کۆچبەری ئەمریکا USCISرێنمایی کارمەندەکانی کردوە بۆ راگرتنی مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی نیشتەجێبون لەو کۆچبەرانەی کە باری پەنابەرییان هەیە یان داوای مافی پەنابەری دەکەن.

هەروەها، پەنابەران دوای گەیشتنیان بە ئەمریکا داوای پاراستن دەکەن و لە رێگەی دادوەری کۆچبەری یان بەرپرسانی پەنابەری دیاریکراوەوە بەدەستی دەهێنن، ئەوەش بە پشتبەستن بە مەترسی لەسەر سەلامەتی خۆیان لە چوارچێوەی مەترسیە رەگەزی، ئایینی یان بۆچونە سیاسیەكاندا.

ئەوەش لەكاتێكدایە، چونی پەنابەران بۆ ئەمریكا جیاوازە و پەنابەران دوای پرۆسەیەکی ئاڵۆزی پشکنینی دەرەکی کە پشکنین و چاوپێکەوتنی ئەمنی و پزیشکی لەخۆدەگرێت، دەچنە ناو ئەمریکاوە، کە دەتوانێت چەندین ساڵ بخایەنێت.

هاوکات، ئیدارەی ترەمپ، ئەو پرۆگرامانەی پەنابەری كە پەسەندکراوی کۆنگرێسن، کردوەتە ئامانج و لە رێگەی فەرمانی جێبەجێکردنەوە رایگرتوون، لەنێویاندا داخستنی سیستەمی پەنابەری لە سنوری ئەمریکا و مەکسیک، بەڵام ئەو فەرمانانە لە دادگا فیدراڵیەکاندا رووبەڕووی ئالەنگاری یاسایی بونەتەوە.


 













گەلەری