سەردێڕ:

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق: هەنگاوێک هەیە بۆ دامەزراندنی کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە

PM:05:36:17/03/2025

1084 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی کارگەی دەرمانسازی بۆ ٣٢ کارگە بەرزبووەتەوە، لە ئێستادا ١٨ کارگە لە قۆناغی دروستکردندان، لەنێویاندا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە، کە یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجەیە لە عێراق.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی ئازارـی ٢٠٢٥، حەموودی ئەللامی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پیشەسازی و گەشەپێدان رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق شایەتی شۆڕشە لە پیشەسازی دەرمان، بەو پێیەی گەیشتوینەتە ٣٢ کارگەی دەرمان، هەروەها ١٨ کارگە لە قۆناغی دروستکردندان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کارگانە یەک لە دوای یەک دەکرێنەوە، هەروەها بەشدار دەبن لە کەمکردنەوەی ئازاری هاوڵاتیان لە رووی تێچووی ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان بەکاریدەهێنن، ئەمە جگە لە پاراستنیان لە دەرمانی ساختە.

باسی لەوەشکرد، هەنگاوێک هەیە بۆ دامەزراندنی کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە، ئەم دەرمانانە ژیان رزگارکەرن، جێگەی سەرنجی هاوڵاتیانە، هەروەها ئازارەکانیان کەمدەکاتەوە.

هاوکات، ئەمە یەکەم پڕۆژەی لەم جۆرەیە لە عێراق، قۆناغی یەکەمیش لە ماوەی چوار مانگدا تەواو دەبێت، دەبێتە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە بە شێوەی جۆراوجۆری دەرمانسازی.













گەلەری