سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی: کۆی گشتیی بودجەی ئەمساڵ ٢٠٠ تریلیۆن دینارە

AM:11:33:14/03/2025

524 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆی گشتی بودجەی ئەمساڵ ٢٠٠ تریلیۆن دینارە. دەشڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاساکەی رەوانەی پەرلەمانی دەکرێت بە مەبەستی دەنگدان لەسەری.


ئەمڕۆ هەینی ١٤ـی ئازارـی ٢٠٢٥، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق وردەکارییەکانی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ـی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بوودجی ئەمساڵ ٢٠٠ ترلیۆن دینارە و کۆی کورتهێنانی گریمانەییش لە بودجە ٦٤ تریلیۆن دینارە و لە لایەن قەرزی ناوخۆوە پڕدەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بوودجەیەش نزیکەی لەسەدا ٧٠ـی بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابین کراوە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژەکان و خزمەتگوزارییەکان تەرخان دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاسای بوودجە رەوانەی پەرلەمان دەکەن بە مەبەستی دەنگدان لەسەری و دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە حکوومەت دەستدەکاتەوە بە بەستنی سەرەمووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، حکومەت پابەندە بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان چوونکە  نزیکەی ٨ ملیۆن هاووڵاتی عێراقی داهات لە  حکومەت وەردەگرن کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی داهات بۆ  نزیکەی٤٠ ملیۆن کەس بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.

 













گەلەری