سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەسەر نوقمبونی ٤٥ گەنجی کورد

PM:02:10:23/07/2021

58400 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ شەو بەلەمێکی کۆچبەران بە ٤٥ سەرنیشینەوە لە نزیک دورگەی کریتی نقومبوو، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی جیاواز زۆرینەی سەرنشینانی بەلەمەکە خەڵکی ھەرێمی کوردستانن و تا ئیشتا ٣٧ کەسیان رزگارکراون.


 ھیوا خدر نوێنەری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران لە توکیا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجەدا نوقم بووە، کە ٤٥ کەسی تێدابووە، دەشڵێت، ٤٠ کەسیان کوردن و خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و بەشێکیان خنکاون.

رەوا بابان نوێنەری یەکێتی نیشتمانی لەیۆنان بەبەمیدیای حزبەکەی راگەیاندوە، "زۆرینەیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوتون و لە نزیک دورگەی "کریتی" سەر بە یۆنان بەھۆی شەپۆلی ئاوەوە یەختەکەیان ژێر ئاو کەوتوە".
تا ئامادەکردنی ئەم ھەواڵە ٨ کەس لەو کەسەی لەیەختەکەدا بوون چارەنوسیان دیار نیە. 
بەپێێ میدیاکانی یۆنان، دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاندووە، لە ئێستادا لە دورگەی کریتی بە دوای ھەشت کەسدا دەگەڕێن و بەھۆی خراپی کەشوھەوا و بایەکی بەھێزەوە بەلەمەکە وەرگەڕاوە.
ھاوکات، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند بەلەمێک کە ٤٥ کەسی لەنێو دابووە بە دووری ١٦١ میل لە باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی کاش لە پارێزگای ئانتاڵیا ژێرئاو کەوتووە و کارەکانی گەڕان و فریاکەوتن بەردەوامن.

وەزارەتی بەرگری لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئێوارەی رابردوو بەلەمێک کە ٤٥ کەسی لەنێو دابووە بە دووری ١٦١ میل لە باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی کاش و ٦٠ میل لە باشووری دوورگەی کەرپە بووە کە خەریک بووە ژێر ئاو بکەوێت زانیارییان بەدەست گەیشتووە.
ئەوانیش دەستبەجێ بەلەمی چارۆکەداری جەنگییان رەوانەی ناوچەکە کردووە و دەست کراوە بە کارەکانی گەڕان و فریاکەوتن.
ناوچەکە کە دەکەوێتە سنووری گەڕان و فریاکەوتنی تورکیا وەک "گۆڕەپانی گەڕان و فریاکەوتن" دەستنیشان کراوە، دەریاوانان لەمە ئاگادار کراونەتەوە و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە بۆ کەرتی گەڕان و فریاکەوتن تەرخان کراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، تواندراوە ٣٧ کۆچبەر لەناو ئەو بەلەمە رزگار بکرێت کە بە دووری ١٦١ میل لە باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی کاش لە پارێزگای ئانتاڵیا ژێرئاو کەوت و ھەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ھەشت کۆچبەرەکەی دیکە.

 













گەلەری