سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە عێراق کرد پشتبەستن بە سەرچاوە وزەی ئێران رابگرێت

AM:09:24:07/03/2025

1132 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، عێراق پێویستە بە زووترین کات پشتبەستن بە سەرچاوە وزەی ئێران رابگرێت.


ئەمڕۆ هەینی ٧ـی ئازارـی ٢٠٢٥، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا واشنتۆن گەیشتووەتە رێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی بەخشینی عێراق لە سزاکانی هاوردەکردنی غازی ئێران، رایگەیاند، لەم کاتەدا هیچ شتێکمان نییە سەبارەت بە لێخۆشبوونی ئێستای کارەبا، کە لە ٨ـ ئازار کۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو لێخۆشبوونانەی سزاکانی ئێستا دەکەین کە هەر پێوەرێک بۆ یارمەتیدانی ئابووری و دارایی دابین دەکەن.

هەروەها، پێشوازی لە پابەندبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە کرد، هیوای خۆی دەربڕی کە ئەمریکا پێشەنگایەتی بکات کاتێک باس لەم جۆرە رێبازە دەکرێت.

هاوکات، سودانی، لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا دەستی خستە سەر پرسی کۆتایی هێنان بە پشتبەستن بە پێداویستییەکانی ئێران و ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکە پلانی هەیە تا ساڵی ٢٠٢٨ بە تەواوی کۆتایی بە هاوردەکردنی گاز بهێنێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا عێراق ٢٧ هەزار مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی وێستگەکانەوە بەرهەم دەهێنێت، کە زۆربەیان بە غاز کاردەکەن، بەڵام هەندێکجار توانای بەرهەمهێنانی بۆ ١٧ هەزار مێگاوات دادەبەزێت.













گەلەری