سەردێڕ:

سودانی چەند بڕیارێک له‌باره‌ی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ده‌رده‌كات

PM:12:24:06/03/2025

1540 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، بۆ ئاسانکردنى رێوشوێنە کارگێڕی و بانکییەکان و پەرەپێدانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و هاندانی مامەڵەی دیجیتاڵی لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت، لەوانە رێوشوێنەکانی پەیوەست بە ئاسانکاریکردن بە پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق هه‌شت بڕیاری ده‌ركردووه‌.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ـی ئازاری ٢٠٢٥، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نوسینگه‌ی محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ژووری بازرگانی بەغدا و فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکان و فیدراسیۆنی پیشەسازیەکانی عێراق راسپێردراون بۆ کارکردن لەسەر ئاسانکردنی رێوشوێنەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەماوەی ٦ مانگدا، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئۆتۆماتیکی بازرگانی و گۆڕینی دیجیتاڵی لەو دامەزراوانە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئاسانكاری بۆ پڕۆسەی پەسەندکردنی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکان ده‌كرێت، بەتایبەتی سادە و مامناوەندەکان لەرێگەی دەرکردنی نووسراوی پەسەندکردن لەلایەن دادنوسەوە و پەسەندکردنی ئەو گرێبەستانە بەبێ دواکەوتن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تەرخانکردنی نوسینگەی دادنووس لە ژووری بازرگانی بەغدا بۆ دڵنیابوون لە پەسەندکردنی گرێبەستی دامەزراندنی کۆمپانیاکان و ئاسانکردنی رێوشوێنە پێویستەکان ده‌كرێت، هه‌روه‌ها خاوەن کۆمپانیاكان پابه‌ند ده‌كرێن بە کردنەوەی هەژماری بانکی لە یەکێک لە بانکە رێگەپێدراوەکانی عێراق، لەسەر بنەمای رەزامەندی فەرمی ژووری بازرگانی بەغدا، بۆ ئەوەی ببێتە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی تۆمارکردن و بەدەستهێنانی ناسنامە و بڕوانامەی دامەزراندنی کۆمپانیاکە.

هه‌روه‌ها بڕیاردراوه‌ به‌ پەرەپێدانی بەکارهێنانی مامەڵەی ئەلیکترۆنی و سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی لەچوارچێوەی ژینگەی نوێی بازرگانیدا، لەرێگەی هەماهەنگییەوە لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و دەرکردنی بەیاننامەیەک بۆ سەرجەم بانکەکان بۆ ئاسانکاردنی رێکارەکانی کردنەوەی هەژمار بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق هەماهەنگی ده‌كرێت بۆ دەرکردنی بەیاننامەیەک بۆ بانکەکان بۆ دابینکردنی ئاسانکاری بانکی و هاندانی دارایی بۆ کۆمپانیاکان، لەوانە قەرز و ئاسانکاری بانکی و گواستنەوەی ئەلیکترۆنی و پەرەپێدانی بەکارهێنانی پارەدانی دیجیتاڵی و گرتنەبەری چارەسەری تەکنەلۆژیای دارایی.

 

 













گەلەری