سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، شانشینی یەکگرتوو بڕی دوو ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی پێنج هەزار مووشەکی بەرگری ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا تەرخان دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی پشتگیرییە بەردەوامەکانی بۆ کیێڤ لە بەرامبەر هێرشەکانی رووسیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی ئازاری ٢٠٢٥، کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، چەند وڵاتێک خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییە ئەوروپییە کە ئامادەن هاوکاری ئۆکرانیا بکەن. ئاماژەی بە ناوی وڵاتەکان نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر هاوپەیمانی ئیرادە، بەڵێ، ئەمڕۆ چەند وڵاتێک ئاماژەیان
بەوە کردووە کە دەیانەوێت بەشێک بن لەو پلانەی کە ئێمە پەرەی پێدەدەین.
وتیشی، "ئەوە بۆ ئەوان جێدەهێڵم کە لێدوانی خۆیان بدەن سەبارەت بەوەی
کە بە تەواوی چۆن دەیانەوێت ئەو بەشدارییە بکەن، بەڵام توانیمان بەو شتە بەرەو پێشەوە
بچین".
ستارمەر دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی و فەرەنسا پێکەوە کاردەکەن لەسەر پلانێک
بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا.
لەلێدوانێکدا بۆ بی بی سی وتی، بەریتانیا لەگەڵ فەرەنسا و رەنگە یەک یان
دوو وڵاتی دیکە لەگەڵ ئۆکرانیا کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ وەستاندنی شەڕەکان، "دواتر
لەگەڵ ئەمریکا ئەو پلانە تاوتوێ دەکەین".
ستارمەر ئاماژەی بەوەشکرد، قەناعەتی بەوە هەیە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
دەیەوێت ئاشتییەکی بەردەوام لە ئۆکرانیا بەدەستبهێنێت، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ
هاوتا ئۆکراینییەکەی لە کۆشکی سپی قسەی زارەکیی کرد. ستارمەر دووپاتی کردەوە کە پێویست
بە گەرەنتی ئەمنیی ئەمریکا دەبێت بۆ ئەوەی ئاشتی بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەریتانیا میوانداری لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپای کرد بۆ
تاوتوێکردنی شەڕی ئۆکرانیا و ڕێگاکانی ڕاگرتنی، بە ئامادەبوونی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا.