لە کەشتییەکی گەورەی گەشتیاریدا بەهۆی شەپۆلە بەرزەکانەوە ١٦ کەس بریندار بوون.
بەپێی ماڵپەڕی "CruiseMapper" سەرنشینانی کەشتی "Crown Princess" لە ٢٥ی شوباتدا لە نزیک نیوزلەندا دەستیان بە گەشتەکەیان کردووە بەهۆی شەپۆلی گەورەی دەریاکانەوە تووشی سەرسوڕمان بوون.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا
دەرکەوتووە کە کارمەندانی چێشتخانەکە لەناو کەشتییەکەدا بە مێزەکانەوە خۆیان گرتووە
بۆ ئەوەی هاوسەنگی خۆیان بپارێزن لەکاتێکدا زۆربەی ئامێرەکان کەوتوونە سەر زەوییەکە
و خواردنەکان رژاون، قاپ و ڕەفەکان لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبوونەتەوە، جێگەی باسە لە
کاتی ڕووداوەکەدا سێزدە سەرنشین و سێ کارمەندی کەشتییەکە برینداربوون.
کاپتنەکە دوای
ڕووداوەکە قسەی بۆ سەرنشینەکان کردووە، هەروەها دڵنیای کردنەوە کە کەشتییەکە بەر
زریانێکی بەهێزی بای و شەپۆلە بەرزەکانەوە کەوتووەتەوە کە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی
خێرایی بەڵام دووپاتی کردووەتەوە کە کەشتییەکە لە مەترسیدا نییە.
کاپتنەکە بۆ
سەرنشینەکان ڕوونیکردەوە کە کەشتییەکە بەر زریانێکی بای ٨٦ میل لە کاتژمێرێکدا کەوتووە،
ئەمەش وایکردووە بەشێوەیەکی کاتی خێرایی گەشتییەکە زیاد بکات.
کەشتییەکە
٣٠٨٠ سەرنشین و ١٢٠٠ ئەندامی تیمی کەشتییەکەی لەخۆدەگرێت و تێچووی گەشتە ٧ڕۆژەکە لە
نێوان ١٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ دۆلاردایە بۆ هەر کەسێک بەپێی قەبارەی ژوورەکە.