پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایگهیاند، نەخشەڕێگایەكی تەواویان هەیە بۆ بە دیجیتاڵیكردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكان لە رێگەی پارەدانی ئەلیكترۆنی وەك ئامڕازێكی سەرەكی بۆ گۆڕینی دیجیتاڵی، دهشڵێت، ئەو دەستكەوتانەی لە بواری تەكنەلۆژیای زانیاری و پارەدانی ئەلیكترۆنی لە بانكی ناوەندیدا بەدەست هاتوون گرنگن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی شوباتـی ٢٠٢٥، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق له وتارێكدا لە میانەی نۆیەمین پێشانگە و كۆنفرانسی ساڵانەی دارایی و خزمەتگوزارییە بانكییەكان لە عێراق، رایگهیاند، نەخشەڕێگایەكی تەواومان هەیە بۆ بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكان لە رێگەی پارەدانی ئەلیكترۆنی وەك ئامڕازێكی سەرەكی بۆ گۆڕینی دیجیتاڵی، بەوپێیەی ژمارەی ئامێرەكان گەیشتوەتە ٦٣ هەزار ئامێر لە پارێزگاكانی عێراق.
ئاماژهی بهوهشكرد، ژمارەی ئامێرە ئەلكترۆنیەكان گەیشتووەتە زیاتر
لە چوار هەزار ئامێر و ژمارەی كارتی بانكیش نزیكەی ١٧ ملیۆن كارتە.
ئەوەشی خستەڕوو، بانكی ناوەندیی
پشتگیری لە مۆڵەتدان و بەڕێوەبردنی جزدانی ئەلیكترۆنی لە رێگەی مۆبایلەوە كرد كە رێگە
بە شەحنكردنەوە و گواستنەوە و پێدانی ژمێرە دەدات، ئەوەش رێژەی بەشداریكردنی
دارایی بۆ زیاتر لە ٤٠٪ بەرزكردەوە بە بەراورد بە ٢٠٪ سێ ساڵ لەمەوبەر.
باسی لەوەشکرد، ژمارەی جزدانی هەمیشەیی گەیشتووهته یەك ملیۆن و ٢٠٠
هەزار جزدان، ئەوانیش یەكگرتنی نێودەوڵەتییان بەدەستهێنا بە بەستنەوەی سیستمی
پارەدانی ئەلیكترۆنی عێراق بە تۆڕەكانی پارەدانی جیهانییەوە، ئەوەش رێگە دەدات بە
گۆڕینی وەرگرتنی كارتی بیانی لە ناوخۆ و فراوانكردنی وەرگرتنی كارتی عێراقی لەسەر
ئاستی نێودەوڵەتی.
وتیشی، ئەو دەستكەوتانەی لە بواری تەكنەلۆژیای زانیاری و پارەدانی
ئەلیكترۆنی لە بانكی ناوەندیدا بەدەست هاتوون، نوێنەرایەتی گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی
لە سیستمی داراییدا دەكەن.