PM:11:10:21/02/2025
1412 جار خوێندراوەتەوە
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، نزیکەی ٩٠٪ـی ماڵەکانی کەرتی غەززە وێران بوون و سەدان هەزار کەسیش هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بچن.
ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی شوباتـی ٢٠٢٥، رێکخراوەکە لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە فەڵەستینییەکان لە غەززە لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین، دەستیان بە پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان نەگەیشتووە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بە هاوکاری نەتەوە
یەکگرتووەکان و هاوبەشە مرۆییەکانی کاردەکات بۆ زیادکردنی هاوکارییەکانی پەناگەی
فریاگوزاری.
ئیمی پۆپ، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە وتبوشی، قەبارەی وێرانکارییەکانی غەززە
سەرسوڕهێنەرە، هەروەها ئەو خێزانانەی هەموو شتێکیان لەدەستداوە، بەبێ پاراستن و ژێرخان
و خزمەتگوزاری و بەبێ هیچ دڵنیایییەک لە سبەینێ رووبەڕووی سەرما دەبنەوە.
هاوکات، بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ١٩ـی کانونـی دووەمـی ٢٠٢٥ەوە رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ هاوکاری لە بوارەکانی حەوانەوە، ئاو و پاکوخاوێنی، پێداویستی پاکوخاوێنی و کەرەستەی ناخۆراکی ناردووە بۆ پاڵپشتیکردنی تەندروستی دانیشتوانی غەززە.