لە رووداوێکی سەیردا لە هیندستان خوێندکارێکی زانکۆ ناچار بووە کە پەڕەشووت بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا بگاتە هۆڵی تاقیکردنەوەکان.
بەپێی ئەو وردەکاریانەی کە رۆژنامەی "INDIA TODAY" بڵاویکردووەتەوە، رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر لەسەر رێگای وای پانچگانی لە ویلایەتی ماهاراشترا دروستبووە و بەهۆیەوە هەموو ئەو رێگایانەی کە دەچنەوە سەر هۆڵی تاقیکردنەوەی خوێندکارەکە داخراوە.
ئەو خوێندکارە هیندییە ناوی سامارت مەهاگادییە، کاتێک بۆی دەرکەوتووە کەمتر لە ٢٠ خولەکی ماوە بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا بگاتە هۆڵی تاقیکردنەوەکان ناچار بووە پەڕەشووت بەکاربهێنێت.
ڤیدیۆکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیاکانی هیندستان بڵاوبووەتەوە، دەرکەوتووە کە ئەو خوێندکارە جانتاکەی هەڵگرتووە و بە پەڕەشووتەکەیەوە بەرەو هۆڵی تاقیکردنەوەکە دەڕوات بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکەی، جێگەی باسە خوێندکارەکە لە کاتی خۆیدا و بە سەلامەتی لە نزیک زانکۆکەی نیشتووەتەوە.
رووداوەکە لە سۆشیال میدیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە کە هەمووان ستایشی رەفتاری ئەو خوێندکارەیان کردووە چونکە بەردەوام بووە لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکەی.