سەردێڕ:

عێراق دوو هێڵی شەمەندەفەری نوێ دروست دەکات و هێڵە کۆنەکانیش نۆژەندەکاتەوە

PM:10:49:20/02/2025

1984 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای هێڵی ئاسنی گشتی عێراق رایگەیاند، گرێبەستێکیان واژۆکردووە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیتاڵی بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و دانانی دیزاینێکی نوێ بۆ رێگای شەمەندەفەری بەسڕە – رەبیعە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی شوباتـی ٢٠٢٥، جەبار عەلیوی، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسنینی عێراق رایگەیاند، بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کارکردن بەردەوامە بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بەسرە- رەبیعە یان دەستنیشانکردنی بەدیلێک، بەو پێیەی بەندەرەکانی بەندەری فاو لە ناوەڕاستی ئەمساڵ دەست بە کارکردن دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای هێڵی ئاسنی گشتی گرێبەستێکی راوێژکاری لەگەڵ کۆمپانیای پی تی ڤی ئیتاڵی واژۆکردووە بۆ ئامادەکردنی دیزاینی سەرەتایی بۆ هێڵەکانی ئاسنی عێراق و نۆژەنکردنەوەی، کە لە بەسڕە درێژدەبێتەوە بۆ بەغدا، پاشان موسڵ، دەگاتە رەبیعە، جگە لە ئامادەکردنی دیزاین بۆ هێڵی شەمەندەفەرێکی نوێی دوو قات کە پرد و پەڕینەوەکانی تێدابێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سەبارەت بە تێپەڕبوونی شەمەندەفەرەکان لەناو شارەکاندا بەتایبەت لە بەغدا، هێڵێکی بازنەیی جێبەجێدەکرێت کە لە ناوچەی یوسفیە درێژدەبێتەوە، بەناوچەی پشتی فڕۆکەخانەوە تێدەپەڕێت بۆ ناوچەی تاجی، بۆ ئەوەی رێگە لە هێنانە ناوەوەی شەمەندەفەر لە ناوخۆی بەغدا دوور بکەوێتەوە، بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و بێ کێشە.

هەروەها باسی لە دیزاینی شەمەندەفەرە زیرەکەکانی داهاتوو کرد و وتی، ئەم شەمەندەفەرانە بەگوێرەی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای مرۆیی لە داهاتوودا پلانیان بۆ دادەنرێت، بەو پێیەی داواکارییەک کرا بۆ دیزاینکردنی شەمەندەفەرێک کە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی گواستنەوەی هەبێت دوای ٥٠ ساڵ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم شەمەندەفەرانە لەگەڵ ستانداردە ئەوروپییەکان دەگونجێن، بۆ ئەوەی بتوانن بەو رێگایەدا بجوڵێن کە عێراق بە ئەوروپا دەبەستێتەوە.













گەلەری

‌بەپەلە