PM:03:03:19/02/2025
1196 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هاوردەی ساڵانەی کاڵا و بەرهەمی عێراق دەگاتە ٧٠ ملیار دۆلار. جەختیشی کردەوە کە حکومەتەکەی کاردەکات بۆ سنووردارکردنی رۆیشتنی ئەو پارە زۆرە بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ١٥٠ بازاڕى پاڵپشتیکراو لە بەغدا و پارێزگاکاندا دەکەینەوە بۆ ئەوەى هاوڵاتیان کاڵا و شتومەک بە هەرزان بکڕن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوردەی کاڵا و بەرهەمە دەرەکییەکانی عێراق ساڵانە دەگاتە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار ئەمەش بڕە پارەیەکی زۆرە کە دەچێتە دەرەوەی وڵات.
جەخت دەکەینەوە پلانمان هەیە پیشەسازیی ناوخۆ پەرەپێبدەین تا ئەو ئاستەی هاوردەکردنی شتومەک و کاڵا بە رێژەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، عێراق پشت بە داهاتی نەوتی دەبەستێت و داهاتی نا نەوتی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە لە ناو عێراقدا، بۆیە حکومەتی عێراق دەیەوێت پشت بە داهاتی ناوخۆ ببەستێت، دوور لە هەناردە کردنی دەرەکی بە رێژەیەکی زۆر.