سەردێڕ:

رووسیا و ئۆکرانیا دەگەن بە ئاگربەست؟

AM:09:26:19/02/2025

1584 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆشکی کریملن رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا. ترەمپیش دەڵێت، پێش کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ پوتندا لەسەر ئاگربەستی ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٥، دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کریملن ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ئامادەییەی پوتن بۆ گفتوگۆکردن بە ئامانجی چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەکانە لەگەڵ ئۆکرانیا.

لەلایەکی دیکەشەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ شاندی رووسیادا بەباشی بەڕێوەچووە و دڵخۆشکەرن. وتیشی، پێش کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیادا لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە.

هاوکات، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ تیمی دانوستاندنکاری رووسیا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تیمی تایبەت پێکبهێنن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە ئێستادا دەرفەتێک هاتووەتە پێش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ، ئامانجیشیانە ئاگربەستی ئۆکرانیا هاوسەنگ و درێژخایەن و گونجاو بێت و بەرژەوەندییەکانی سەرجەم لایەنەکان لەبەرچاو بگیرێت.













گەلەری