مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ عەفرین دەستپێشخەرییەکی گرنگ بوو بۆ هاندانی گەڕانەوەی دانیشتوانە رەسەنەكەی عەفرین. دەشڵێت، خاڵی رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق هەیە، لەکاتێکدا پرسەکانی دیکەش هێشتا لە گفتوگۆدان.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٥ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)رایگەیاند، پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع دەكەین بە بۆنەی دەستبەکاربونی پۆستی سەرۆکایەتی قۆناغی راگوزەری لە سوریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پشتگیری هەر هەوڵێك دەكەین سەقامگیری و یەكێتی نیشتمانی
بەدیبهێنێت. دەشڵێت، هەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دانوستان لەگەڵ
حکومەتی سوریا هێشتا بەردەوامە.
باسی لەوەشکرد، سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ عەفرین دەستپێشخەرییەکی
گرنگ بوو بۆ هاندانی گەڕانەوەی سەلامەتی دانیشتوانی رەسەن و پێشخستنی گفتوگۆ، دواشی
لێدەكەین سەردانی شارەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاش بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، هێزەكانمان پابەندن بە یەکڕیزی سوریا لەسەر بنەمای
دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەموو سوریاییەکان، دوور لە جیاكاری، هەروەها، کراوەن
بەڕووی هاریکاری لەو بوارەدا، پێیان وایە پاراستنی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە کە پێویستی بە هەماهەنگی ئاست بەرزی نێوان هەموو لایەنەکان
هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری سوریا.
هاوکات، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، خاڵی رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق هەیە،
لەکاتێکدا پرسەکانی دیکەش هێشتا لە گفتوگۆدان.