سەردێڕ:

لە ١٧ی شوباتدا چی روویدا؛ ئەمڕۆ ١٤ ساڵ تێپەڕی بەسەر خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات

PM:06:40:17/02/2025

5284 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ١٧ی شوباتی ٢٠١١یە خەڵک پەیتا پەیتا بەرەو بەردەرکی سەرای سلێمانی بەڕێدەکەون، بەمەبەستی داواکردنی مافی سەرەتایی خۆیان، لە دوای وەستانیان لە بەردەرکی سەرا و وتنەوەی چەنین دروشم و دەربرینی ناڕەزایەتی، دواتر بەرێدەکەون بۆ شەقامی مەولەوی و شەقامی سالم.


دوای گەشتنیان بە سەرەتای شەقامی سالم و دوای ماوەیەک مانەوەیان لەبەردەم لقی چواری پارتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پارتی دروست دەبێت، لە ئەنجامی گرژیەکەدا تەقەیەکی زۆر بە رووی خۆپیشاندەراندا دەکرێت و قوربانییەکی زۆری لێ دەکەوێتەوە.

ئەوەی کە لەوێدا دەبینرا ژمارەیەک برینداری زۆر کە خەڵتانی خوێن کرابوون، لەناویاندا مێردمنداڵێک کەوتبوو کە فیشەک بەر سەری کەوتبوو دواتر بووە هۆی شەهیدبوونی.

ئەو ئێوارەیە هەورێکی رەش سلێمانی گرتبووەوە، بەڵام رووداوەکانی ئێوارەی ١٧ی شوبات سلێـمانی زیاتر رەش پۆش کرد، تا دەهات ژمارەی قوربانییەکان بەرزدەبوونەوە، گرژی و ئاڵۆزییەکان وایان کرد، لە نزیک کاتژمێرەکانی ئێوارەدا قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرانسەری سلێمانی رابەگەیەندرێت و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بە ناو شاردا بڵاوەیان پێ دەکرا.

لە دوای ١٧ی شوبات و بەردەوامبوونی خۆپیشاندەران، ماوەی ٦٢ رۆژ لەسەریەک بەردەوام بوو، خۆپیشاندانەکان ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژەکانی لە خۆگرتبوو کە لە ناویاندا مێردمنداڵ و منداڵ و کەسانی بەتەمەن و مامۆستا و زۆربەی چین و توێژەکانی دیکەی تێدابوو.

پاشان لە دوای دامەزراندنی ئێن ئاڕ تی لە ١٧ی شوبات دوای سێ رۆژ لە پەخشی ئێن ئاڕ تی هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر ئێن ئاڕ تی و دوای ئەوەی دەستیان بەسەر کەناڵەکەدا گرت و لە پەخشکردن وەستاندیان پاشان تەواوی کەناڵەکەیان سوتاند، کە کەناڵەکە زمان حاڵی خەڵک بوو لە خۆپیشاندانەکان.

خۆپیشاندانەکان بە شەهیدبوونى ١٠ کەس و برینداربوونى زیاتر لە ٢٠٠ کەس کۆتاییهات و تا ئێستا تەقەکەرەکانی ١٧ـی شوبات و رۆژانی دواتر دەستگیر نەکراون و لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە داڵدەدراون.

هاوکات، لە دوای راپەڕینەوە خۆپیشاندانەکەی ١٧ـی شوبات بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی هەرێمدا دادەنرێ کە بۆ یەکەمجار هاوڵاتیان بە ئاشکرا داوای گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و تەنانەت رووخانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییان کرد.













گەلەری

‌بەپەلە