وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، دەستگیرکردنی زیاتر لە دوو هەزار کرێکاری سەرپێچیکاری بیانی و دیپۆرت کرانەوە بۆ دەروەی عێراق لە دوای کۆتاییهاتنی ئەو ماوەی کە رێگەیان پێدراوە لە عێراق بمێننەوە و ئیقامەیان هەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥، ئەحمەد توفان، بەڕێوەبەری ئیقامە لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، دوو هەزار و ٨٦٥ کەس دەستگیرکراون و دیپۆرت کراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی درێژکردنەوەی کارەکانیان.
ئاماژەی
بەوەشکرد، پێشتر ئەو وادەیەی دانرا بۆ کرێکارانی بیانی ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٤ کۆتایی دەهات،
دواتر کاتەکەی درێژکرایەوە بۆ ١٥ی ١ی ٢٠٢٤ بۆ چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی دۆخەکانیان.
باسی
لەوەشکرد، دوای ئەوە هەڵمەتمان ئەنجامدا دژی ئەو کرێکارە بیانیانەی کە سەرپێچی مانەوەی
نیشتەجێبوونیان کردبوو، کە لە ئەنجامدا دوو هەزار و ٨٦٥ سەرپێچیکار دەستگیرکران و
دیپۆرتکرانەوەیان بۆ دەرەوەی عێراق.
روونیشیکردەوە،
ساڵی رابردوو تەنها لە بەغدا ٢٠ هەزار و ٥٩٨ سەرپێچیکار دیپۆرت کراونەتەوە، هاوکات
ژمارەکە بۆ هەموو عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس کە دیپۆرت کراونەتەوە.
سەبارەت بەو
پێشێلکارییە سەلمێنراوانە، ڕوونیکردەوە کە "پێشێلکارییەکان لە نێوان چوونە
ژوورەوەی نایاسایی، پێشێلکردنی مەرجەکان، یان تێپەڕاندنی ئەو ماوەیەی کە بۆ شوێنی
نیشتەجێبوونی کرێکارە بیانییەکە دیاریکراوە، جیاواز بووە و زۆرینەی ئەوانەی ئامادەبوون
ئەوانەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی نیشتەجێبوون دوای چوونە ژوورەوەی یاسایی، بەڵام
ماوەی مانەوەی رێگەپێدراویان تێپەڕاندووە، هاوکات، زۆربەی سەرپێچیکاران خەڵکی،
پاکستان و سوریان، لە ئێستادا دیپۆرت کراونەتەوە.