سەردێڕ:

زیلێنسکی: پێویستە ئەوروپا هێزی سەربازی تایبەت بەخۆی دروستبکات

PM:09:57:15/02/2025

1804 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، روسیا بەنیازە لەم هاوینەدا هێزەکانی بگوازێتەوە بۆ بیلاڕوسیا و سیستەمی موشەکی دوور مەودا و چەکی ئەتۆمی لەوێ جێگر كردووە، دەشڵێت، کاتی ئەوە هاتووە هێزی سەربازی ئەوروپا دروست بکرێت و هاوبەشەكانمان بیر لەوە بکەنەوە کە پێش هێرشی ئەگەری داهاتووی روسیا چی بکەن.


ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی شوباتـی ٢٠٢٥، ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە میانەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە ئەوروپا لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا مامەڵە بکات، لە کاتێکدا پرسیارەکان لەسەر پشتیوانی ئەمریکا لە بەرامبەر "هەڕەشەی روسیا"دا هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، کاتی ئەوە هاتووە هێزی سەربازی ئەوروپا دروست بکرێت و زانیاری هەواڵگریان هەیە کە مۆسکۆ بەنیازە ئەم هاوینە هێزەکانی بگوازێتەوە بۆ بیلاڕوسی هاوپەیمانی، هەروەها روسیا بەردەوامە لە پڕچەککردنی هێزەکانی و وەرگرتنی هێزی زیادە.

باسی لەوەشكرد، گواستنەوەی هێزەكانی روسیا بۆ بیلاڕوس وەک مانۆڕێکی سەربازی رادەگەیەندرێت، ئەوەش هاوشێوەیە لەگەڵ لەشكركێشیەكەی سێ ساڵ لەمەوبەری بۆسەر ئۆكرانیا.

ئەوەشی خستەڕوو، روون نییە ئەو هێزانە ئاراستەی کێ دەکرێن، بێلاڕوس هاوسنوورە لەگەڵ سێ وڵاتی ئەندامی ناتۆ، هەروەها بووەتە پایەی سەرەکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا، مۆسكۆ سیستەمی موشەکی دوور مەودا و چەکی ئەتۆمی لەوێ جێگر كردووە.

 













گەلەری