سەردێڕ:

روسیا هێرشیکردە سەر وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ لە ئۆکرانیا

PM:06:31:14/02/2025

3028 جار خوێندراوەتەوە

روسیا و ئۆکراینا لە شەڕی نێوانیاندا بەهەموو جۆرێک هێرش دەکەنە سەر یەکتر، لە دواین هێرشدا سوپای روسیا لە رێگەی فڕۆکەی بیفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر وێستگەی ئەتۆمی چرنۆبڵ.


ئەمڕۆ هەینی ١٤ـی شوباتـی ٢٠٢٥، ڤۆلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو، سوپای روسیا لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە هێرشی کردووەتە سەر وێستگەی ئەتۆمی چرنۆبڵ لە هەرێمی کێیڤی ئۆکراینا.

سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، سەرۆکی ئۆکراینا وتی، کە لەئەنجامی هێرشەکە ئاستی تیشکدانەوەی ئەتۆمی زیاد نەبووە.

لەبەر مەترسیداری هێرشەکە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هاتە دەنگ و راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکە درەنگانی شەو ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە زیانی بە چینەکانی ناوەوەی وێستگە ئەتۆمییەکە گەیاندبێت.

هاوکات، ئەو چینەی کە کراوەتە ئامانج بەرگێکی پارێزەرە لە دەووری ریاکتەری چوارەمی وێستگەکە کە لە ساڵی ١٩٨٦ تەقییەوە، بەڵام لە ٢٠١٦ جارێکی دیکە دروستکرایەوە بەمەبەستی رێگریکردن لە تیشکدانەوەی وێستگەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هێرشەکەی روسیا تەنها دوای دوو رۆژ دێت لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، کە قسەیان لەبارەی دەستپێکردنی دانوستانی ئاشتی کردووە.


 













گەلەری