وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بانگهێشتی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی دەکات بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا، لە ناویشیاندا ئەحمەد شەرع. دەشلێت، لە ئێستادا گفتوگۆ لە نێوان هێزە عێراقییەکاندا هەیە سەبارەت بە بابەتی داماڵینی چەک لە گروپە چەکدەرەکانی عێراق.
ئەمرۆ هەینی ١٤ـی شوباتـی ٢٠٢٥، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤ رایگەیاند، بانگهێشتی فەرمی ئاراستەی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا کردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات، بەم زووانە لە پایتەختی عێراق دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی
لوتکەی دیالۆگی بەغدا کە بڕیارە لە مانگی ئایار بکرێت، پانگهێشتی هەموو
سەرکردەکانی عەرەب دەکرێت و لەناویشیانە بانگهێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا
بۆ قۆناغی راگوزەر دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی غەززە،
دوایین پێشهاتەکان و قسەکردن لەسەر پلانەکانی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی
لە مافی چارەنووسی گەلی فەلەستین کردەوە.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان
ئەمریکا و عێراق باسی لەوەکرد، عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەمریکا و جەختیشیکردەوە
گرژیی نێوان واشنتۆن و تاران کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەبێت نەک تەنها
عێراق.
سەبارەت بە چەکداماڵینی
گروپە چەکدارەکان لە عێراق، ئەوەی خستەڕوو، لە ئێستادا گفتوگۆیەک لە نێوان هێزە عێراقییەکان
هەیە سەبارەت بە بابەتی چەکداماڵینی گروپەکان.