سەردێڕ:

کابینەی نوێی حکومەتی لوبنان لە ٢٤ وەزیر پێکدێت کە پێنجیان ژنن

PM:11:03:09/02/2025

1460 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی رابردوو و لە پاش دوو ساڵ جۆزێف عەون وەک سەرۆکی لوبنان هەڵبژێردرا، سەرۆکی ئەو وڵاتە، نەواف سەلامی ڕاسپارد بۆ سەرۆکایەتی کابینەی نوێی حکومەت. سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراویش حکومەتی بە ٢٤ وەزیرەوە پێکهێنا و رایگەیاند، کاردەکەن بۆ بنیادنانەوەی لوبنان و دەستکردن بە چاکسازی لە کەرتە جیاوازەکاندا.


دواجار کابینەی نوێی حکومەتی لوبنان لە نێوان بەرداشی لایەنگران و دژبەرەکانی حزبوڵا پێک هێندرا!

دوای سێ هەفتە لە وتووێژی چڕ لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی لوبنان، سەرۆك كۆماری وڵاتەکە پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی بە سەرۆکایەتی نەواف سەلام راگەیاند. سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی وڵاتەکەش جەختی لە چاکسازی لە کەرتە جیاوازەکاندا کردەوە.

جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری لوبنان پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی نەواف سەلام ڕاگەیاند و کابینەکەش لە ٢٤ وەزیر پێکدێت لەو ژمارەیەش پێنجیان ژنن.

لای خۆیەوە دوای ڕاسپاردنی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ، نەواف سەلام رایگەیاند، حکومەتی نوێ چاکسازییە ئابورییەکان جێبەجێ دەکات، سەرلەنوێ لوبنان بنیاددەنێنەوە.

لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان پێشوازی لە ڕاگەیاندنی کابینەکەی کرد و دەڵێت، هیوادارن کابینەی نوێ حکومەتی لوبنان دامەزراوە دەوڵەتییەکانی بنیات بنێنەوە و چاکسازی بەرچاو جێبەجێ بکات.

هەر لەو بارەیەوە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند، هیوادارن پێکهێنانی حکومەتی نوێ لوبنان مژدەی لاپەڕەیەکی نوێ و گەشاوەتری بۆ ئەو وڵاتە پێبێت.

لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە چەند ئالانگارییەکی لەبەردەمدایە کە دەبێت بۆ بنیادنانەوەی وڵاتەکە ئابوری بە هێز بکاتەوە و کاربکات بۆ دەستگەیشتن بە قەرزە نێودەوڵەتییەکان.

ئەمە جگە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست، كە ئیسرائیل پابەند دەكات بە كشانەوە لە ناوچەكانی باشوری وڵاتەکە، هەروەها دورخستنەوەی گروپی چەکداری حیزبوڵا لە ناوچە سنورییەكان لەگەڵ ئیسرائیلدا و چەکداماڵین لە گروپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی چەک بۆ ژێر دەستی دەوڵەت.

لوبنان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بەهۆی داڕمانی داراییەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە لە پاڵ ئەوەشدا، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵاکە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە وڵاتەکە بەردەوامی هەیە و بەشێکی زۆری وڵاتەکەی وێران کردووە.

چاوەڕوان دەکرێت، پێکهێنانی کابینە نوێیەکە هەنگاوێکی بنەڕەتی بێت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و بنیادنانەوەی لوبنان و ڕزگارکردنی وڵاتەکە لە لێواری داڕمان.













گەلەری