سەردێڕ:

سودانی داوای لە ترەمپ کردووە رێگە بە عێراق بدەن بەردەوامبێت لە هاوردەکردنی غازی ئێرانی

AM:09:01:07/02/2025

1732 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە ئیدارەی ترەمپ کردووە رێگە بە عێراق بدەن لە هاوردەکردنی غازی ئێرانی. ئەوەش دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە کە رێگەی بە عێراق دەدا غاز لە ئێرانەوە هاوردە بکات.


ئەمڕۆ هەینی ٧ـی شوباتـی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیایەکی عێراقی رایگەیاند، سەرەڕای سزاکانی سەر ئێران، ئیدارەی پێشووی ئەمریکا رێگەی بە عێراق داوە غاز لە ئێرانەوە هاوردە بکات و پێداویستییەکانی ناوخۆی پێ پڕ بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی پلانەکانیان، تا ساڵی ٢٠٢٨ لە بەرهەمهێنانی غازدا دەگەنە ئاستی خۆبژێوی، بەڵام تا ئەوکات، پێویستیان بەوە دەبێت لە وڵاتانی دراوسێوە هەم غازی سروشتی، هەمیش کارەبا هاوردە بکەن.

وتیشی، پلانیان هەیە کارەبای عێراق ببەستنەوە بە وڵاتانی دیکەوە، لە ئێستادا کارەبای عێراقیان بەستووەتەوە بە ئوردن و تورکیاوە، لەمساڵیشدا کارەبای عێراق بە کوەیتەوە دەبەستنەوە و پلانیشیان هەیە لەگەڵ سعودیەدا رێککەوتنێک ئەنجام بدەن بۆ بەستنەوەی کارەبای عێراق بەو وڵاتەشەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٥ـی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو لێخۆشبوونەی هەڵوەشاندەوە کە بە عێراق دراوە بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پاکێجی نوێی سزاکانی سەر ئێران.














گەلەری

‌بەپەلە