پاش سێ ساڵ لە جەنگ روسیا و ئۆکرانیا بە جیا ئامادەیی خۆیان بۆ دانوستانى راگرتنى شەڕ دەربڕیوە، پێدەچێت دانوستانى ئەمجارە جیاوازبێت لە پێشوو بەو پێیەى زۆریی قوربانیەکان و کەڵەکەبوونى زیانە ئابوورییەکان هەردوولای تەواو شەکەت کردووە.
ئەمرۆ پێنجشەممە ٦ـی شوباتـی ٢٠٢٥، روسیا لە نوێترین هەڵوێستیدا لەرێگای دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کریملنەوە رایگەیاندووە، ئامادەن بۆ دانوستان و گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی نێوانیان و لەگەڵ بەرپرسانی واشنتۆن گفتوگۆیان کردووە بەڵام رەتیکردەوە زانیاریی وردتر لەبارەى ناوەرۆکی گفتوگۆکان ئاشکرا بکات.
پێشتر سەرۆکی ڕوسیا، وتبووی، ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا
بکات جگە لە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
هەروەها لە بەرامبەردا، ڤۆڵۆدمێر زیلینیسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆتا چاوپێکەوتنیدا
لەگەڵ میدیاکانى بەریتانیا، ئامادەیی خۆی بۆ ئەوە دەربڕیوە لەگەڵ پوتینـی هاوشانی
گفتوگۆ و دانووستان لەبارەی ئاگربەستەوە بکات.
هەرچى ئەمریکاشە، کە لایەنێکی گرنگی ناراستەوخۆی جەنگەکەیە، چەندین جار دۆناڵد
ترەمپ سەرۆکى ئەو وڵاتەوە باسی لەوە کردووە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا دەکات
و گەشبینە بەوەی کە جەنگەکە کۆتایی پێبهێنن. هاوکات یەکێک لەو بابەتانەش کە ترەمپ
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی بەدیهێنانى دەدا کۆتاییهێنان بوو بەو جەنگە.
جەنگەکە کاولکاریی و قوربانیی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەپێی کۆتا ئامارەکان
ژمارەی قوربانیان لە یەک ملیۆن کەس نزیکبووەتەوە.
زیانە مادییەکان بەجۆرێکە تەنیا روسیا لەم جەنگەدا بەنزیکەیی ٢١١ ملیار دۆلاری
لە جەنگەکەدا خەرجکردووە و زیانە ئابوورییەکانی ئۆکرانیاش بە درێژایی جەنگەکە گەیشتووەتە
٤١١ ملیار دۆلار.
کۆتا جار کە روسیا و ئۆکرانیا گفتوگۆیان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ کردبوو،
ساڵی ٢٠٢٢ بوو، دانوستانەکانی ئەوکاتیش بێ ئەنجام بوون، بەڵام گۆڕانى سیاسەتی دەرەوەی
ئەمریکا بە هاتنى ترەمپ و شەکەتبوونى هەردوو لایەنە سەرەکیەکەى جەنگەکە و کەڵەکەبوونی
زیانە ئابووریەکانى هەردوو وڵات، رەنگە هەردوو وڵات ناچار بە سازشکردن بکات.