دادگای باڵای فیدراڵی وەڵامی بەیاننامەی ئەنجومەنی دادوەری دایەوە سەبارەت بە راگرتنی جێبەجێکردنی سێ یاساکە، و دووپاتیکردەوە کە بڕیارەکانیان بڕیاری کۆتایین و پێویستە هەموو لایەک پێوەی پابەندبن.
ئەمرۆ چوارشەممە ٥ـی شوباتـی ٢٠٢٥، دادگای باڵای فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەپێی بڕگەکانی ماددەی (٩٤)ـی دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کۆتایی و پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ماددەیە هەموو بڕیارەکانی پاراستووە لە چەواشەکردن و جێبەجێکردنیان
ناچارییە، بەو پێیەی دەستوور بەڵگەنامەی گەلی عێراقە و بەهێزی بڕیارەکانی دادگا دەستوورییەکان
لەسەر ئەو بەڵگەنامەیە دامەزراوە، کە هەموو لایەک پابەند دەکات کە پێشێلی نەکەن.
ئەمەش دوای
ئەوە دێت، کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەیاننامەیەکی
بڵاوکردەوە و دووپاتی کردەوە کە دروست نییە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بوەستێنرێت کە
لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یاسایان بۆ دانراوە پێش ئەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا
بڵاوبکرێنەوە.
هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاسای هەموارکردنەوەی
یاسای باری کەسێتی و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی بۆ خاوەنەکانیان پێویستی بە دواخستنی
دەرکردنی هەر بڕیارێکی پەیوەندیدار بەوانەوە هەیە، جەختیشی کردەوە کە دادگاکانی وڵات
پابەندن بە جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی.
پێشتریش رۆژی
سێشەممە، لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە شیعەکان کۆدەکاتەوە، پشتیوانی خۆی بۆ
دادگای باڵای فیدراڵی دووپاتکردەوە بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە "مشتومڕاویانەی"
کە مانگی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکران.