سەردێڕ:

کارەبای عێراق: ٨ کۆمپانیا هاوکاریمان دەکات بۆ دابینکردنی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە

PM:10:02:04/02/2025

1452 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، بروانامەیان داوە بە ٨ کۆمپانیای پسپۆر لە بواری وزەی خۆر بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وزەی خۆر لە عێراق.


ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی شوباتـی ٢٠٢٥، زیاد عەلی، وەزیری کارەبای عێراق له راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "له چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی بانکی ناوەندی عێراق، هەشت کۆمپانیای پسپۆڕ له بواری ووزەی خۆردا له قۆناغی یەکەمدا بڕوانامەیان پێدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی عێراق پێشکەوتنێکی مێژووییان بەدەست هێناوە، بەو پێیەی یەکەم حکومەتە کە پڕۆژەکانی وزەی خۆر وەربگێڕێتە راستییەکی بەرجەستە لەسەر زەوی"، ستایشی رۆڵی بانکی ناوەندی عێراقی کرد لە پاڵپشتیکردنی ئەم رەوتە بە دابینکردنی قەرز بە هاووڵاتیان.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەم هەنگاوە گرنگییەکی ناوازەی هەیە، بەو پێیەی دەرفەتی دانانی سیستمی وزەی خۆر لە ماڵەکانیان بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت لە رێگەی ئەو قەرزەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دابینکراوە بەبێ سوود، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەوە چارەسەرێکی بەردەوام بۆ قەیرانی درێژخایەنی کارەبا لە وڵاتەکەدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، وەزارەتی کارەبای عێراق کۆنفرانسێکی سازکرد بۆ خستنەبازاڕی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ کۆمپانیا شایستەکانی تایبەت بە سیستەمی وزەی خۆر، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەت لە چەند وەزارەتێک و نوێنەری بانکی ناوەندی، و ئەندامانی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق.













گەلەری