PM:05:00:02/02/2025
12208 جار خوێندراوەتەوە
پەرلەمانی عێراق هەمواری ماددەی ١٢ـی یاسای بودجەی پەسەند کرد و یاساکە لەدوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وقائع، جێبەجێ دەکرێت و پێویستە هەرێم رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات. سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنیداوە تێچووی نەوتی هەرێم دابینبکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ـی شوباتـی ٢٠٢٥، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای بودجە رایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەڵێن دەدات حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر
کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت لەلایەن دەزگایەکی راوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی
تایبەتمەندەوە، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی
سامانە سرووشتییەکان کە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لە ماوەی (٦٠) رۆژدا لە چوونە
بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا،
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو دەستەی راوێژکاریە دیاری دەکات.
باسی لەوەشکرد، ئەو راوێژکاریەش تێچووی خەمڵێنراوی
بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی عێراق و
حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت و حیسابکردنی
قەرەبووی پێشوو دەبێت لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلەکانی
وەرگیراو، وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکومەتی هەرێم
ئەوەشی
خستەروو، دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەم هێنراو دەکرێت لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت
(سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی عێراق و قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە
لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بەشێوەی سولفە، بە تێکڕای (١٦) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک،
کە دواتر چارەسەر دەكرێت دوای تەواوبوونی
كاری راوێژكاری تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باسكراوە لەسەر بنەمای پێشتر گرتنەوە
لە بەرواری دەستكردن بە رادەستكردنی نەوت بە گوێرەی ئەم هەموارە.