PM:03:02:02/02/2025
1804 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا رێککەوتوون لەسەر بەردانەوەی ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکەدا، وتیشی، ئاستی ئاوی رووباری فوڕات بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ـی شوباتـی ٢٠٢٥، خالید شیمال، وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکرد، سەبارەت بە ئاو رێککەوتنێک هەیە لە نێوان عێراق و تورکیا و سوریا، کە جەخت لە بەردانەوەی ئاو دەکاتەوە لە سنووری تورکیا و سووریا بە رێژەی ٥٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، وتیشی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا، لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو چەندین ساڵە بەردەوامە.
سەبارەت بە بەنداوی تشرینیش باسی لەوەکرد، هەندێک کێشە لە بەنداوی تشرین هەبوو
کە ستافێکی تەکنیکیی پسپۆڕ بەنداوی تەبقە چوونە بەنداوی تشرین و رێوشوێنی گونجاویان
گرتۆتەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی بەنداوەکە.
هاوکات خالید شیمال دەڵێت، ئێستا داهاتی ئاو لە رووباری فورات بە رێژەیەکی
بەرچاو زیادی کردووە و زیاتر لە ٤٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەردەدرێتەوە.