سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی عێراق: یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەین

PM:01:28:02/02/2025

1524 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی فروانکردنی شارەکان، یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن. وتیشی، بڕی بەرهەم هێنانی کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ـی شوباتـی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە پێشانگەیەکی ئابووری لە بەغدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی فراوانکردنی شارەکان و دروستکردنی شارە نوێیەکان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات دەستیانکردووە بە دروستکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەیەکیان هەیە بۆ زیادکردنى ١٥ بۆ ٢٠ هەزار مێگاوات بۆ تۆڕى کارەباى نیشتمانى، و بەشێکی زۆری وزەى پاک و نوێبوەوە لە خۆدەگرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە پێشانگای ئەمساڵدا هەزار و ٢٥٠ کۆمپانیا لە ٢٢ وڵاتی جیاوە لە تەواوی کەرتەکاندا بەشدارن و  زۆرینەشیان ئەو کۆمپانایانەن کە لە رابردوودا کارکردنیان لە عێراق راگرتبوو.

باسی لەوەشکرد، عێراق لە هەموو کەرتەکانی ئابووری، پیشەسازی، کشتوکاڵ، ژێرخانی ئابووری، خزمەتگوزاری، و وزەدا بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و بەرەوپێشچوونەکانیش لە ئایندە زیاتردەکەن و بەردەوامی پێدەدەن.

 













گەلەری